جێگرانی سەرۆکی ئیمارات سەرەخۆشی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوو پەیامی سەرەخۆشی لە جێگرانی سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتەوە پێگەیشت بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.

محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی دوبەی لە پەیامەکەیدا، پرسەنامەیەکدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی شێخ عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برای گەورەی بنەماڵەی بارزانیمان پێگەیشت."

 هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی بارزانی دەکەن بۆ ئەو خەمە گەورەیە و لە خوای گەورە داواکارن کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە کەسوکاری ببەخشێت.

لە لایەکی دیکەوە مەنسوور بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی، پەیامێکی هاوشێوەی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد.

 لە پەیامەکەیدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، باسی لەوە کردووە، لە خوای گەورە پاڕاونەتەوە لێخۆشبوون بە کۆچکردوو ببەخشێت و ئارامی بە دڵی خێزان و کەسوکاری بدات.