یەمەن؛ شەڕی کۆنترۆڵکردنی دەروازەی دەریای سوور زیاتر لە 300 کوژراوی لێکەوتەوە
لە ئەنجامی چڕبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەتی یەمەن و چەکدارانی حووسیی، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و سەدان خێزانیش ئاوارە بوون؛ شەڕەکەش بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی دەریای سوورە.
تاوەکو رۆژی یەکشەممە، ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و چەکدارانی حووسی لە باشووری رۆژئاوای یەمەن 300 کەسی تێپەڕاند. بەرپرسانی سەربازیی حکوومەتی یەمەن رایانگەیاندووە، تەنیا لە نێوان نیوەڕۆی شەممە تاوەکو بەیانی یەکشەممە، 84 سەربازی حکوومەت کوژراون کە زۆربەیان بەهۆی هێرشی مووشەکییەوە بووە، لە بەرامبەردا سەرچاوە سەربازییەکانی حووسییەکان کوژرانی 57 چەکداری خۆیانیان لە هەمان ماوەدا پشتڕاستکردووەتەوە.
ئەم ململانێیە کە بە خوێناویترین پێکدادان لە دوای هەرەسهێنانی ئاگربەستی ساڵی 2022 دادەنرێت، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی دەروازەی دەریای سووردایە. حووسییەکان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بە مەبەستی دابڕینی شاری بەندەریی "مۆخا" و پێشڕەویکردن بەرەو ناوچە سنوورییەکانی گەرووی "باب ئەلمەندەب" لە باشووری دەریای سوور. هێزەکانی حکوومەتیش دەڵێن حووسییەکان توانیویانە رێگەی سەرەکی نێوان تەعیز و مۆخا بپچڕێنن.
بەهۆی توندبوونی شەڕەکەوە، سەدان خێزان لە ناوچەکانی مەقبەنە و جەبەل حەبەشی لە پارێزگای تەعز ئاوارە بوون و پەنایان بۆ کەمپەکان بردووە. ئاوارەکان باس لە دۆخێکی مرۆیی نالەبار دەکەن و دەڵێن بەهۆی چڕی تەقە و گەمارۆوە، بەبێ خواردن و پێداویستی و تەنانەت بەبێ پێڵاویش رایانکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) رایگەیاندووە کە نزیکەی 1790 خێزان ئاوارە بوون و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی قووڵی خۆی لە لێکەوتە وێرانکەرە ئابووری و ئەمنییەکانی ئەم پێکدادانانە دەربڕیوە.
شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە حووسییەکان دەیانەوێت سوود لە لاوازیی هێڵەکانی بەرگری وەربگرن بۆ ئەوەی دەست بەسەر گەرووی باب ئەلمەندەبدا بگرن. ئەم رێڕەوە ئاوییە لە دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، گرنگییەکی دووقاتی بۆ بازرگانی جیهانی و گواستنەوەی وزە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا پەیدا کردووە. تێکچوونی ئاگربەست لە یەمەن دوای ئەوە هات کە حووسییەکان پێشوازییان لە فڕۆکەیەکی ئێرانی کرد لە سەنعای پایتەخت، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان و راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر سعوودیە لەلایەن حووسییەکانەوە.