بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێک لە ئیندۆنیزیا، حەوت فڕۆکەخانە داخران
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو خۆڵەمێشەی لە ئەنجامی تەقینەوەی گڕکانی چیای ئاناک کێراکاتۆ بڵاوبووەتەوە، 7 فڕۆکەخانە داخراون.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، دوای داخرانی ئەو فڕۆکەخانانە، زیاتر لە 270 هەزار گەشتیار زیانمەند بوون، ئەمەش بەهۆی دواخستن، گۆڕینی رێڕەو یان هەڵوەشاندنەوەی نزیکەی 2,300 گەشتی ئاسمانی.
چیای ئاناک کێراکاتۆ کە دەکەوێتە نێوان دوورگەکانی جاوا و سوماترا، لە درەنگانی شەوی هەینییەوە خۆڵەمێشەکەی جاکارتا و ناوچەکانی دەوروبەری داپۆشیوە، ئەم دۆخە بەرپرسانی خۆجێیی ناچارکرد فڕۆکەخانەکان بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان دابخەن.
وەزارەتی گواستنەوە ئاشکرایکرد، فڕۆکەخانەی سەرەکیی جاکارتا لەگەڵ 6 فڕۆکەخانەی دیکە تا کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە داخراوی دەمێننەوە، هاوکات فڕۆکەخانەیەک لە باشووری سوماترا کراوەتەوە.
دۆدی بۆرواجاندی، وەزیری گواستنەوە گوتی "ناتوانین کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە دابنێین، چونکە کەشوهەوا ناجێگیرە".
بەپێی ئاژانسی چاودێریی گڕکانەکان، دوایین تەقینەوەی ئاناک کێراکاتۆ شەوی رابردوو روویداوە. ئاژانسەکە هۆشداری داوە لەوەی ئەگەری روودانی تەقینەوەی نوێ لە ماوەی داهاتوودا هێشتا بەرزە.
بەڕێوەبەرایەتی کارەساتی ئیندۆنیزیا داوای لە دانیشتووان کرد لە شوێنە گشتییەکاندا ماسک بەکاربهێنن، لە کاتێکدا بڕیاردرا خوێندن لە شاری جاکارتا و لامبۆنگ بکرێتە ئۆنلاین.
گڕکانی ئاناک کێراکاتۆ یەکێکە لە نزیکەی 130 گڕکانی چالاک لە ئیندۆنیزیا و لە ساڵی 2018ـەوە تەقینەوەی ئەم گڕکانە بووە هۆی دروستبوونی تسونامی و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 400 کەس.