تونێلەکانی میترۆی تاران کراونەتە حەشارگە و تابلۆیان بۆ هەڵدەواسرێت

لە تاران تابلۆی تایبەت بە رێنمایی خەڵکی بۆ حەشارگەکان هەڵدەواسرێن و بە گوێرەی تایبەتمەندی ناوچەکانیش تابلۆکان دادەنرێن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، بڵاویکردووەتەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی تاران تابلۆی تایبەت بە شوێنی حەشارگەکان هەڵدەواسرێن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دوای جەنگی 12 رۆژە و جەنگی 40 رۆژە، کە لە ناوخۆی ئێراندا بە جەنگی رەمەزان ناونراوە، حکوومەتی ئێران بایەخی زیاتری بە دروستکردنی حەشارگە شارییەکانداوە و پرۆسەکەی دوو هێندە کردووە و لە ناوچە جیاجیاکانی تاران و لە شەقامەکاندا تابلۆی تایبەت بە رێنمایی خەڵکی بەرەو حەشارگەکان هەڵواسراون.

هەروەها باسی لەوەکردووە، لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێک لە وێستگە و تونێلەکانی میترۆی تاران بە حەشارگە دیاریکراو و بە تابلۆ رێنمایی خەڵک بۆ حەشارگەکەکان دەکرێن، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی و پاراستنی گیانی دانیشتووانی تاران لە رووی ئەمنی و خۆ ئامادەکاریی گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی خەڵکی لە هەر مەترسی و هێرشێکی دیکە لە حەشارگەکاندا خۆیان بپارێزن.

میترۆی گەورەی تاران شادەماری جووڵەی ژێرەوەی شارەکەیە و بە حەوت هێڵی شەمەندەفەر، تۆڕێکی 312 کیلۆمەتری لە ژێر شارەکە دەبڕێت و رۆژانە زیاتر 2.5 ملیۆن کەسی دانشتووی شارەکە لەم رێگەیەوە ئەوسەر و ئەوسەری تاران دەکەن.