شەیبانی: دەستبەرداری جۆلان نابین
وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری مافە ڕەواکانی لە بەرزاییەکانی جۆلانی نابێت، هاوکات جەختی لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی و دوورخستنەوەی سووریا لە ململانێ هەرێمییەکان کردەوە
دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە میانی بەشداریکردنی لە 166ـەمین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی،پەیامی دیمەشقی لەسەر دۆخی ناوخۆ و هاوکێشە هەرێمییەکان خستەڕوو.
شەیبانی پێداگریی وڵاتەکەی لەسەر خاوەندارێتی بەرزاییەکانی جۆلان دووپاتکردەوە و گوتی: مافەکانی سووریا لە جۆلانی داگیرکراو نەگۆڕن و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابین." هەروەها سوپاسی هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی کرد بۆ سەرکۆنەکردنی بڕیارەکەی کۆڵۆمبیا لە داننان بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر ئەو ناوچەیەدا.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، دیمەشق هێشتا بڕوای بە چارەسەری دیپلۆماسی هەیە و هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ راگرتنی دەستدرێژی، دەستگیرکردن و لەشکرکێشییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا.
سەبارەت بە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە، شەیبانی رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، سووریا هاوسۆزیی خۆی بۆ وڵاتانی کەنداو و ئوردن دەربڕیوە؛ جەختیشی کردەوە دیمەشق بە هیچ جۆرێک هێرشەکانی ئێران لەسەر خاکەکەی و بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت قبووڵ ناکات.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لە هەوڵەکانی حکوومەت کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و رایگەیاند، سەدان هەزار منداڵ و گەنج لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە بۆ سەر کورسییەکانی خوێندنگە و زانکۆکان.
شەیبانی هیوای خواست کە لە ساڵی 2027دا وڵاتەکەی بخرێتە ناو سندووق و پڕۆگرامە هاوبەشەکانی هاوکاریی عەرەبی و دووپاتی کردەوە کە ساڵانی داهاتوو دەبنە "شایەتحاڵی لەدایکبوونی چیرۆکێکی سەرکەوتووی مێژوویی بۆ گەلی سووریا."