نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە یەمەن دەدات

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) لە چەند بەرەیەکی جەنگ دەربڕی و هۆشداری دا پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەی سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ و مەترسیدار لە وڵاتەکەدا دەکات.

دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد کە راپۆرتەکان دەربارەی کەوتنەوەی قوربانی لە نێو هاووڵاتییانی سڤیل، ئاوارەبوونی خێزانەکان و زیانگەیاندن بە ژێرخانی مەدەنی، جێگەی دڵەڕاوکێیەکی زۆرە.

جەختیشی کردەوە: "گەلی یەمەن زیاتر لە دە ساڵە بەدەست ئازاری شەڕەوە دەناڵێنێت، گەڕانەوە بۆ شەڕێکی سەرتاسەری و بەردەوام، دەرهاویشتەی زۆر کارەساتباری بۆ هاووڵاتییان دەبێت و رێگەی چارەسەری سیاسی ئاڵۆزتر دەکات."

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان کرد کە دەستبەجێ هەموو کردەوەیەکی دوژمنکارانە ڕابگرن، ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن و سوود لە کەناڵەکانی پەیوەندی، بەتایبەت "لیژنەی هەماهەنگیی سەربازیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان" وەربگرن بۆ ئەوەی رێگری لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە بکرێت. هەروەها جەختی کردەوە پێویستە هەمووان پابەندی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بن بۆ پاراستنی گیانی بێتاوانەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داخوازیی خەڵکی یەمەن بۆ ئاسایش، دامەزراوەی کارا و داهاتوویەکی بێ شەڕ، پێویستی بە پڕۆسەیەکی سیاسیی جێی متمانە هەیە، کە بتوانێت رەگی کێشە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر بکات.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە لە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەردەوام دەبێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان. هاوکات داوای لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە پێگە و هەژموونی خۆیان بەکاربهێنن بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.