پیسکۆڤ: دەستپێکردنەوەی دانوستانی سێقۆڵی لەگەڵ ئۆکراینا و ئەمریکا رەت ناکەینەوە
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بەدەستهێنانی پێشکەوتنی بنەڕەتی لە گفتوگۆکانی مۆسکۆ و کیێڤ بۆ دیاریکردنی کاتی دانوستانی سێقۆڵی راگەیاند، هاوکات کرێملن ئامادەییی خۆی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان و ئەگەری پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان پووتین و ترەمپ خستەڕوو.
دووشەمە 7ـی ئەیلوولی 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شاندێکی دانوستانکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە یاوەریی جارید کوشنەر و بەرپرسانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینە، سەردانی هەردوو پایتەختی رووسیا و ئۆکراینایان کردووە بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێک بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لە کیێڤ، راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنساش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا کردووە. نوێنەری تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنی بنەڕەتی بەدەستهاتووە، لەوانە هەنگاونان بەرەو دیاریکردنی کاتی دانوستانی سێقۆڵی، و جەختی کردەوە ترەمپ بە جددی کار بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن لە مۆسکۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا، ئۆکراینا و ئەمریکا رەتناکاتەوە، بەڵام هێشتا زووە بۆ دەستنیشانکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەکە.
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ بەهایەکی زۆر بۆ هەوڵە ئاشتیخوازەکانی دانوستانکارانی ئەمریکا دادەنێت و گوتی: "پووتین خۆی رایگەیاندووە کە زۆر پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە و سوپاسگوزاری پابەندبوونیەتی بەم رێگایەی ئاشتی."
گوتەبێژی کرێملن هەروەها ئەگەری ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە نێوان ڤلادیمێر پووتین و دۆناڵد ترەمپ بەدوور نەزانی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی سەردانی شاندە ئەمریکییەکە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا وردەکاریی فەرمیی گفتوگۆکانی رۆژی یەکشەممەی کیێڤ بە دەست مۆسکۆ نەگەیشتووە.
پێش دەستپێکردنی گەشتەکە، هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی لەسەر "راگرتنی 3 رۆژەی تەقەکردن" رێککەوتبوون تاوەکو زەمینەی ئەم گفتوگۆیانە بڕەخسێنرێت. شاندەکەی ئەمریکا بە جیا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبوونەوە و پێشنیازەکانی هەردوولایان تاوتوێ کرد.