چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان رێککەوتن
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت رێککەوتوون، بە جۆرێک بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگەدا لەبری چەکداماڵینی دەستبەجێ، چەکی گرووپە چەکدارەکان سڕ بکرێت یان رێکبخرێتەوە.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پێشنیازێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن. بەپێی پێشنیازەکە، لە 30ـی ئەیلوولەوە چەکەکانیان رێکدەخرێن یان سڕ دەکرێن، چونکە پڕۆسەی چەکداماڵینی تەواوەتی کاتێکی زۆرتری دەوێت و لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتادا هەڵەتێگەیشتنێک هەبووە لە نێوان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پرسی چەکداماڵینی گرووپەکان، بەڵام هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی کاتی دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق، زۆربەی گرووپە چەکدارەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە بچنە ژێر فەرمانی فەرمیی دەوڵەتەوە.
بە گوتەی عەقیل ردێنی، لیژنەی دانوستانکاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئاستێکی باڵادا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سەرکردەی گرووپەکان، و بۆچوونی سەرکردەکانی چوارچێوەکە بەو ئاراستەیەیە کە چەکی ئەم گرووپانە رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت؛ چونکە حەشد دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەتە و بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە.
لەگەڵ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەندین مەرجیان بۆ دانانی چەکەکانیان خستووەتە بەردەم حکوومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێداگری لەسەر بڕیارەکەی دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە نابێت لەمەودوا هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.