حکوومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی پرۆژەی یاسای حەشدی شەعبی تەواو دەکەن و رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت
حکوومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پڕۆژەکە بۆ دەنگدان رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، مەحموود حەیانی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەت و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کۆتاییان هاتووە. ئەم پڕۆژەیە هەمان ئەو یاسایەیە کە ساڵی رابردوو نەتوانرا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەمجارە چەندین دەستکاری و گۆڕانکاریی نوێی تێدا کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەم، دووەم و پەسەندکردنی.
حەیانی ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی پڕۆژەیاسا نوێیەکە، پەیکەربەندی کارگێڕیی دەستەی حەشدی شەعبی بە تەواوی رێکدەخرێتەوە و پێگەیەکی دەستووری و یاسایی روونی پێدەبەخشرێت. هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتییە سەربازییەکان دیاری دەکرێن و بە شێوەیەکی فەرمی مافی خزمەت، مووچە و خانەنیشینی بۆ سەرجەم چەکدارەکانی ئەو دەستەیە دابین دەکرێت.
دەستەی حەشدی شەعبی ئێستا لە زیاتر لە 76 گرووپی چەکداریی جیاواز لە پێکهاتەکانی شیعە، سوننە و پێکهاتەکانی دیکە پێکدێت، و ژمارەی چەکدارەکانی لە 238 هەزار کەس تێپەڕ دەکات. ئەم دەستەیە پشت بە یاسایەکی تایبەت دەبەستێت کە لە ساڵی 2016 لە سێ ماددەدا دەرچووە و بەپێی یاساکە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.
ساڵی رابردوو حکوومەتی عێراق پڕۆژەیەکی هاوشێوەی بۆ رێکخستنەوەی حەشد رەوانەی پەرلەمان کردبوو و هەردوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ ئەنجامدرا؛ بەڵام بەهۆی دژایەتیی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیران ناچار بوو پڕۆژەکە بکشێنێتەوە. ئێستا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدەن بە هەموارکردنەوەی ماددەکان، دووبارە پڕۆژەکە بخەنەوە بەردەم پەرلەمان و پەسەندی بکەن.