ئەردۆغان: ئەو شەڕەی بە هاندانی ئیسرائیل دەستی پێکردووە هەموومان باجەکەی دەدەین
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دەداتە ئەو لایەنانەی "خەیاڵ" لەسەر هەڵوێستەکانی ئەنقەرە بونیاد دەنێن و رایدەگەیەنێت، ئەو قەیران و شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر تەواوی جیهان دەبێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا رایگەیاند "با هەڵوێستی دانبەخۆداگرتن و خوێنساریی ئێمە نەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک لایەن خەیاڵی خاو بۆ خۆیان دروست بکەن، تورکیا دژی هیچ وڵات و هیچ بیروباوەڕێک نییە، بەڵکو تورکیا تەنیا دژی ستەمکاری، نادادپەروەری و زۆردارییە."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە کەس ناتوانێت ئاراستەی مێژوو بگۆڕێت و گوتی "تورکیا دەستی هاوکاری بۆ دۆستانی درێژ دەکات، خزمەکانی لەباوەش دەگرێت و جارێکی دیکە لەگەڵ براکانیدا یەکدەگرێتەوە، دڵنیابن دۆستانی تورکیا دەباتەوە و دوژمنانیشی زیانمەند دەبن."
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و قەیرانی ئێران، ئەردۆغان ئاماژەی بە لێکەوتە ئابوورییەکان کرد و گوتی "قەیرانی ئێران کاریگەری لەسەر ئێمە و هەموو جیهان هەیە، بەهۆیەوە نرخی نەوت و سووتەمەنی روو لە بەرزبوونەوە دەچێت."
ئەردۆغان هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند "ئەو شەڕەی بە هاندانی ئیسرائیل دەستی پێکردووە، تەنیا کاریگەری لەسەر گەلی ئێران و وڵاتانی کەنداو نابێت، بەڵکو پەیوەندیمان هەبێت یان نا، دواجار هەموومان باجی ئەو شەڕە دەدەین."