بەهۆی هێرشی حووسییەکانەوە دەیان کەس لە سعوودیە بریندار دەبن

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسانی سعوودیە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرایانکرد، بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر چەند شاری باشووری سعوودیە دەیان کەس برینداربوون.

هەر ئەمڕۆ، ئەنسارەڵڵای سەر بە حووسییەکان رایگەیاند، چەند ئامانجێکیان لەناو خاکی سعوودیە پێکاوە، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبها، بنکەی ئاسمانی مەلیک خالید و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە ئەبها و جیزان.

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشەکانی میلیشیای حووسی کە شوێنە مەدەنی و ئابوورییەکانی کردووەتە ئامانج، بووەتە هۆی برینداربوونی 73 کەسی مەدەنی. فەرماندەییەکە روونیکردەوە، هەموو رێوشوێن و هەنگاوێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشە و لەناوبردنی مەترسییەکان.

وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاند، هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ژمارەیەک دامەزراوەی وزە لە باشووری سعوودیە، بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و راگرتنی کاتیی بەشێک لە کارکردن لەو ناوچانە. سەرچاوەیەکی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیەی راگەیاند، بەیانی سێشەممە چەند دامەزراوە و بنکەیەکی وزە لە باشووری شانشینەکە کراونەتە ئامانج. سەرچاوەکە روونیکردەوە، هێرشەکان ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە و بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند شوێنێک، کارکردن لە بەشێک لەو دامەزراوانە بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.

دووشەممەی رابردوو، حووسییەکان سعوودیەیان بە هێرشکردن لە دەوروبەری یەمەن تۆمەتبار کرد. کەناڵی ئەلمەسیرەی سەر بە حووسییەکان لە زاری حەسەن سەبوولا، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای جەوف بڵاویکردەوە، هێرشەکە بۆ سەر زیندانی ئەلحەزم لە باکووری وڵاتەکە بووەتە هۆی کوژرانی 11 کەس و بێسەروشوێنبوونی 20 زیندانی لەژێر پاشماوەی باڵەخانەکاندا. ئاژانسی هەواڵی سەبای سەر بە حووسییەکان پێشتر رایگەیاندبوو، منداڵێک لەنێو کوژراوەکاندا بووە.

چاودێران پێیان وایە حووسییەکان هێرشێکی بەرفراوانیان لە هێڵەکانی پێشەوەی کەناراوەکانی دەریای سوور دەستپێکردووە بە ئامانجی پێشڕەویکردن بەرەو گەرووی بابولمەندەب. ئەو رێڕەوە ئاوییە دەروازەی باشووری دەریای سوور پێکدەهێنێت کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە، بەتایبەت لەو کاتەی ئێران گەرووی هورموزی لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئێران داخستووە.

شەڕی نێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە مانگی تەممووزدا دووبارە سەریهەڵدایەوە. ئەو ململانێیەی حووسییەکانی بەرامبەر بە حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیکراو لەلایەن هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی سعوودیە وەستاندووەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی چەکدارەکان دەست بەسەر زۆربەی مەڵبەندە سەرەکییەکانی دانیشتووانی یەمەن و لەنێویاندا پایتەختدا بگرن.

لە کەناراوەکانی دەریای سوور، شەڕ و پێکدادانەکان کە چەند رۆژێکە بەردەوامە، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 کەس و ئاوارەبوونی سەدان خێزان. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە حووسییەکان هەوڵ دەدەن دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە دەکەوێتە سەر گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب.