سی ئێن ئێن: دوای جەنگی ئێران، ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمدەکاتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی سی ئێن ئێن، لە چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە دەزگاکانی سوپای ئەمریکا و هەواڵگریی ئەو وڵاتە خەریکی تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی ژمارەی هێز و بنکە سەربازییەکانیانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بتوانێت کۆتایی بە جەنگی دژی ئێران بهێنێت.

سەرچاوەکان روونیانکردەوە، گفتوگۆکان هێشتا نافەرمین و هیچ فەرمانێکی راستەوخۆ بۆ پێداچوونەوەی گشتگیر بە بڵاوەپێکردنی هێزەکان دەرنەکراوەو لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دۆخە ئامادەیی بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری پیشاندەدات بۆ ئەو ئەگەرەی ئیدارەی ترەمپ سیاسەتی کەمکردنەوەی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە پەیڕەو بکات.

ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی 50 هەزار سەربازی هەیە، لەپاڵ بوونی کەرەستەی سەربازیی زۆر کە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری گەورە و زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگیی مووشەکهاوێژ لەخۆدەگرێت، هاوکات ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا سی ‘ئای ئەی’یش بەهۆی جەنگی ئێران لە ناوچەکە جێگیر بوون.

سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئەمریکا لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە لە بەهێزکردنی پاراستنی ئەو بنکە و هێزانە دەکات کە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە. هەروەها هەندێک لە دامەزراوەکانیش دەگوازێتەوە ژێر زەوی، وەک خۆپارێزییەک لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

سەرچاوەکان روونیانکردەوە، جەنگەکە لاوازیی ژمارەیەک لە دامەزراوە ئەمریکییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخست، دوای ئەوەی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، قەتەر، سعوودیە و کوەیت رووبەڕووی هێرشی ئێرانی بوونەوە. بەگوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگری، بنکەیەکی سی ئای ئەی لە ریاز بەهۆی هێرشێکی ئێرانییەوە بەتەواوەتی تێکچووە.

بەرپرسان تاوتوێی ئەوەش دەکەن کە هەندێک لەو کەرەستانەی تێکچوون یان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، نۆژەن نەکرێنەوە بەهۆی تێچووی زۆری چاککردنەوە و بونیادنانەوەیان، هەروەها بیر لەوە دەکرێتەوە ژمارەیەک کارمەند و کەرەستە لەناو ئەمریکا بمێننەوە و تەنیا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی دیاریکراو بنێردرێن بۆ ناوچەکە، نەک بەشێوەی هەمیشەیی تێیدا بن.

سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن دەیانەوێت سەربازەکانیان لە ژمارەیەک وڵاتانی کەنداو کەم بکەنەوە، لە چوارچێوەی هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ ئەوەی هاوبەشە هەرێمییەکان ئەرکی بەرگریی زیاتر لە ئەستۆ بگرن، سەرچاوەکان جەختیان لەوەکردەوە، هیچ خشتەیەکی کاتیی روون بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ یان گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران بوونی نییە.

هەروەها دارێل کۆدڵ، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، هێزەکانیان لە داهاتوویەکی نزیکدا ناگەڕێنەوە بۆ بەحرەین، کە بنکەی سەرەکیی کەشتیگەلی پێنجەمی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکایە.