عەممار حەکیم: رژدین لەسەر راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان

عەممار حەکیم: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاماژەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە

عەممار حەکیم
عەممار حەکیم

رێبەری رەوتی نیشتمانیی حیکمە ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی لە کۆتایی ئەم مانگەدا پەیامی چاکبوونەوەی عێراقە و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەشێکی جیانەکراوەیە لە سەقامگیریی وڵات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 08ـی ئەیلوولی 2026، عەممار حەکیم، رێبەری رەوتی نیشتمانیی “حیکمە” لە چوارجێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان؛ سەردانی شاری دهۆکی کرد و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژی داعش لە کۆتایی ئەم مانگە، پەیامی چاکبوونەوەی عێراقە.

 باسی لەوەش کرد، عێراق بە قوربانیدانی رۆڵەکانی و هاوکاریی هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان توانی بەسەر تیرۆردا سەربکەوێت.

رێبەری رەوتی نیشتمانیی حیکمە گوتی، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نیشانەی باشبوونی دۆخی عێراق و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لە عێراق دانەبڕاوە. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەممار حەکیم جەختی کردەوە، رژدن لەسەر ئەوەی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان نەمێنێت. هاوکات روونیکردەوە لە داهاتووشدا کار بۆ ئەوە دەکەن لە هیچ لایەنێکەوە هێرش نەکرێتە سەر سەروەریی عێراق.

لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق. بڕیاریشە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا پڕۆسەی کشانەوەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیرییەکی زۆری ئەم هەنگاوە دەکەن و بە دەستکەوتێکی نیشتمانی بۆ سەروەریی وڵات هەژماری دەکەن.