بەریتانیا 135 ملیۆن دۆلار بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا تەرخان دەکات
حکوومەتی بەریتانیا هاوکارییەکی نوێی سەربازیی بە بڕی 100 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 135 ملیۆن دۆلار) بۆ ئۆکرانیا راگەیاند؛ مەبەست لەم هاوکارییانەش بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی پێداویستییە جەنگییەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، کە ئەم پاکێجە نوێیەی هاوکارییەکان چەندین جۆر چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، لەوانە مووشەکی سیستەمی "پاتریۆت"، مووشەکی بەرگریکار، گوللە تۆپی قەبارە گەورە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بڕیاریشە لە مانگەکانی داهاتوودا، لەندەن دەیان هەزار گوللە تۆپی دوورهاوێژ رادەستی کیێڤ بکات.
ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی بەرنامەی "PURL" دایە، کە تێیدا هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا تێچووی کڕینی کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکی بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا جەختیشی کردەوە، کە لەندەن پابەندە بەوەی لەمساڵدا 120 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رادەستی ئۆکرانیا بکات. تا ئێستاش 25 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆرەکانی هێرشبەر، سیخوڕی و بەرگریکار رادەست کراون و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە.
لە بەرامبەردا، رووسیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەبێتە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی و وڵاتانی ناتۆ بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگلێنێتە ناو ململانێکانەوە. کرێملن پێشتر هۆشداریی دابوو کە پڕچەککردنی ئۆکرانیا لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە "یاریکردنە بە ئاگر" و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆسەی دانوستانەکان دەبێت.