سەباح نوعمان: بە کشانەوەی هاوپەیمانان، هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەکی گرووپە چەکدارەکان نامێنێت
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەگوێرەی ڕێککەوتنی بەغدا و واشنتن بەردەوامە و لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی پێدێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان، هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ گرووپە چەکدارەکان نامێنێتەوە تاوەکو چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان هەڵبگرن.
کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و ئامادەیی هێزە عێراقییەکان
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هاوپەیمانان پرۆتۆکۆلییە و کۆتا بنکەشیان لە هەولێر چۆڵ دەکرێت، هەروەها 30ـی ئەیلوولی بە رۆژێکی مێژوویی بۆ گەڕانەوەی سەروەریی عێراق وەسف کرد، دڵنیایی دا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ گرتنەدەستی تەواوی دۆسیەی ئەمنی، دوای ئەو وادەیەش پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و پڕچەککردنی زیاتری هێزە عێراقییەکان.
چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان
لەبارەی دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک، سەباح نوعمان ئاشکرای کرد، گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نیشتمانیی زۆر باش لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان هەیە و پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕوات، روونیشی کردەوە "بەشێک لە گرووپەکان چاوەڕوانی کشانەوەی هاوپەیمانان و دەستەبەری ئەمنین؛ کاتێک لە 30ـی 9، هیچ سەربازێکی بیانی لە عێراق نەما، ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێت، حکوومەت و گەلی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی چەک تەنیا لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت.”
سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی هەرێمی کوردستان
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی باسی لەوە کرد، بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بودجەیەکی تەواو بۆ پلانێکی سێ ساڵە تەرخانکراوە و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆ کراوە بۆ کڕینی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی، جەختیشی کردەوە "سیستەمەکە لە ژێر سەرپەرشتی ناوەند دا دەبێت و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئامانج لێی پاراستنی تەواوی سەروەریی ئاسمانی و رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانە گرنگەکان چ لە هەرێمی کوردستان یان ناوچەکانی دیکەی عێراق بێت.”
بۆشایی ئەمنی و مەترسییەکانی داعش
سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پاشماوەکانی ئەو رێکخراوە توانای دروستکردنی هیچ مەترسییەکی گەورەیان نەماوە و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام گورزی پێشوەختەیان لێ دەوەشێنن، لەبارەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی فیدراڵ و پێشمەرگەش، ئاماژەی بەوە کرد، بە پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش ئەو بۆشاییانە پڕکراونەتەوە و هەماهەنگییەکی پتەو لە نێوانیاندا هەیە.
دۆخی شنگال و پرسی پەکەکە
سەباح نوعمان تیشکی خستە سەر دۆخی شنگال و رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لەو قەزایە لەژێر چەتری هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
سەبارەت بە چەکدارانی پەکەکەش دووپاتی کردەوە "حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاکەکەی ببێتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت تورکیا، لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر رەشنووسێک دەکرێت بۆ سنووردارکردن و چارەسەرکردنی دۆخی چەکدارانی پەکەکە، جا لە رێگەی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا یاخود رۆیشتنیان بۆ وڵاتێکی دیکە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.”