بەرهەمی ترێی دهۆک بۆ ئەمساڵ 15 هەزار تۆن زیاد دەکات و دەگاتە 80 هەزار تۆن

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رایدەگەیەنێت، پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی ترێدا پلەی یەکەمە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکەی بگاتە 80 هەزار تۆن.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: پرۆسەی وەرگرتنی ترێ لە جوتیاران بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە بەردەوامە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی رابردوو نزیکەی 500 تۆن ترێ لە جوتیاران وەرگیراوە، بەڵام تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا 20 تۆن ترێ وەرگیراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتیشی "دهۆک لە بەرهەمهێنانی ترێدا لە پلەی یەکەمدایە، پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 80 هەزار تۆن، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 15 هەزار تۆن زیاد دەکات"

ئەحمەد جەمیل باسی لەوەش کرد، ئەو کۆمپانیایەی ترێیەکە وەردەگرێت، بەرهەمەکانی دیکەی وەک سێو و هەناریش لە جوتیاران وەردەگرێت و بە پاکێجێکی سەردەمیانە رەوانەی بازاڕیان دەکاتەوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ جوتیاران هەژمار دەکرێت.

لە سنووری پارێزگای دهۆک 55 هەزار جوتیار لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا کار دەکەن و بەناوبانگترین جۆرەکانی ترێی ناوچەکەش بریتین لە ترێی "مانگێش" و "زاوێتە".