هەیبەت حەلبووسی و فیدان جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی بەغدا و ئەنقەرە دەکەنەوە
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە و، جەختیان لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەماهەنگییە دووقۆڵییەکان لەسەر پرسە جێبایەخەکاندا کردەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات.
سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ئەنقەرە پێشوازیی کرد لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کراوە، هەروەها گفتوگۆ لە بارەی رێگەکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتی بوارەکانی ئابووری و ئەمنی کراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا تیشکیان خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانیان لەسەر بارودۆخی ناوچەکە. .
هەیبەت حەلبووسی و هاکان فیدان دووپاتیان کردەوە کە هەماهەنگیی وردی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر پرسە جیاوازەکان، هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دابینکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو گەلی دۆست.