سامی جەلال: جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا پەیوەست کراوە بە پەسەندکردنی بودجەی 2027
سەرۆکی تیمی دانوستانکاری سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دانوستانەکاندا، هێشتا سێ خاڵی سەرەکی وەک بەربەست لەبەردەم یەکخستنی سیستەمی گومرگیی نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە، کە گرنگترینیان پرسی دابەشکردنی داهاتە.
سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری سیستەمی "ئەسیکۆدا"، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا، وردەکاریی نوێی دانوستانە دووساڵەییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای سەبارەت بە یەکخستنی سیستەمی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان خستە روو.
بە گوتەی سامی جەلال، تیمی تەکنیکیی هەردوو لا لە 18ـی حوزەیرانی 2026ـدا لەسەر رەشنووسی رێککەوتننامەیەکی تەکنیکی گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام سێ تەوەری سەرەکی هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، کە بریتین لە: پرسی ئەو دەروازانەی بەغدا دانیان پێدا نانێت، دۆسیەی لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و، لە هەمووی گرنگتر "میکانیزمی دابەشکردنی داهاتەکانی دەروازە سنوورییەکان.".
سامی جەلال ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر مافی وەرگرتنی ٥٠%ـی داهاتی دەروازەکان دەکاتەوە بە پێی یاسا، تاوەکوو بتوانێت بودجەی بەکارخستنی دامەزراوەکانی وەک کارەبا، تەندروستی و شارەوانییەکانی پێ دابین بکات.
هاوکات ئاشکرای کرد، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی داهات بە رێژەی "50 بە 50" دەربڕیبوو و واژۆشی لەسەر کردبوو، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی تاکلایەنە و داوای کردبوو 100%ـی داهاتەکە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵ و دواتر بەغدا بە پێی ئارەزووی خۆی بەشێکی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە.
سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، سەرۆکی تیمی دانوستانکار گوتی: "هەرێم حەوت دەروازەی هەیە کە بەغدا دانیان پێدا نانێت. ئێمە پێشنیازمان کردووە لیژنەیەکی هاوبەش سەردانی هەموو دەروازەکان بکات؛ هەر دەروازەیەک مەرجە نێودەوڵەتییەکانی تێدا بێت بکرێتە فەرمی و ئەوەشی مەرجی تێدا نییە دابخرێت، بەغداش ئەمەی قبووڵە."
سامی جەلال جەختی کردەوە، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و یەکخستنی گومرگ بە تەواوەتی دواخراوە بۆ کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2027، یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتیی هاوشێوەی رێککەوتنی 120 ملیارەکە، چونکە بەبێ چەسپاندنی مافە داراییەکانی هەرێم لەناو یاساکەدا، ناتوانرێت متمانە بە بەڵێنە زارەکییەکانی بەغدا بکرێت.