سوپای ئوردن: چەند هێرشێکی مووشەکی ئێرانمان تێکشکاند

هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایانگەیاند، شانشینی ئوردن رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەتەوە کە لە خاکی ئێرانەوە کراوە. هێزەکان جەختیانکردەوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 18 مووشەکی بالیستی لە کۆی 20 مووشەکی ئاراستەکراو بۆ سەر خاکی ئوردن تێکبشکێنن.

گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن - سوپای عەرەبی، لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، دوو مووشەک لە ناوچەیەکی چۆڵ و بێ دانیشتووان کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

سوپای ئوردن بەگوێرەی رێکارە کارپێکراوەکانی ئۆپەراسیۆن مامەڵەی لەگەڵ هەڕەشەکەدا کردووە، بە جۆرێک کە پاراستنی ئاسمانی شانشین و سەلامەتیی هاووڵاتییان مسۆگەر بکات. هێزەکان هەروەها رایانگەیاند، پرۆسەی چاودێریکردن و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەردەوامە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تیمە تایبەتمەندەکان دەستیانکردووە بە پاککردنەوەی شوێنی کەوتنی پارچەی مووشەکەکان و پاشماوەکان بۆ ئەوەی ناوچەکان ئەمین بکرێن و رێکارە پێویستەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ناوچە دەوروبەرەکان بگیرێنەبەر.

هێزە چەکدارەکان داوایان لە هاووڵاتییان کردووە لە هیچ تەن یان پارچەیەکی نەناسراو نزیک نەبنەوە و دەستیان لێ نەدەن و شوێنەکەیان نەگۆڕن. داواشیان کردووە لە کاتی دۆزینەوەیاندا دەستبەجێ دەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکرێنەوە.

هێزەکان هۆشدارییان دا لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاریی نادروست. داواشیان کرد تەنیا پشت بەو راگەیەندراوانە ببەسترێت کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە.

سوپای ئوردن جەختی کردەوە، سیستەمەکانی چاودێری و ئاگادارکردنەوە و بەرگریی ئاسمانی لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک. هێزەکان ئاماژەیان بەوە کرد، یەکینەکانیان بە درێژایی کاتژمێرەکانی شەو و رۆژ ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی شانشین و سەروەریی ئاسمانی بەجێدەگەیەنن.

هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی پێشهاتەکانی دۆخەکە. هەر زانیارییەکی نوێ کە پێویست بکات هاووڵاتییانی لێ ئاگادار بکرێتەوە، لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی خۆیانەوە رایدەگەیەنن.