ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەردەوامە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ وادەی ناونووسین بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی ئەمساڵی هەنار کۆتایی هات و لە رێگەی تیروپشکەوە بەشداربووان دیاری دەکرێن، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە ئەمساڵ پاراستنی ژینگە لە پێشینەی کارەکان دەبێت و بەکارهێنانی پلاستیک بە تەواوی قەدەخەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، هەورامان جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: ئەمڕۆ دوا وادە بوو بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەرهەمەکانیان لە فیستیڤاڵی هەنار پێشکەش بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

 ئاماژەی بەوەش کرد، بەش و لیژنەکان دیاری کراون و دەستیان بە کارەکانیان کردووە، تەنیا بۆ بەشی کاری دەستی زیاتر لە 300 کەس ناویان تۆمار کردووە، هەروەها خواستێکی زۆریش لەسەر بەشەکانی کشتوکاڵ و خواردن هەبووە، بەتایبەت ئەو کەسانەی خواردنی خۆماڵی دروست دەکەن.

گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی: لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای وردبینیکردن لە ناوی سەرجەم پێشکەشکاران، بە شێوەیەکی سیستمی و لە رێگەی تیروپشکەوە ناوی وەرگیراوان یەکلایی دەکرێتەوە و رادەگەیەنرێت.

سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان، هەورامان جەلال جەختی لەوە کردەوە کە ئەمساڵ گرنگییەکی زۆر بە لایەنی ژینگەیی دەدرێت و بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی پلاستیک لە نێو فێستیڤاڵەکەدا قەدەخەیە، مەرجیشە هەموو بەشداربوویەک شوێن و کەپری تایبەت بە خۆی بە پاکوخاوێنی رابگرێت، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک سەرپێچی بکات لەلایەن لیژنە چاودێرەکانەوە سزای دارایی بەسەردا دەسەپێندرێت.

بەپێی گوتەی گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، هاوشێوەی ساڵی رابردوو نزیکەی 600 کەپر بۆ بەشداربووان ئامادە دەکرێت، هاوکات کار دەکرێت بۆ ئەوەی فیستیڤاڵی ئەمساڵ جیاواز بێت لە ساڵانی پێشوو و بە ئاراستەی بەنێودەوڵەتیکردنی هەنگاو بنێن.

بڕیارە فیستیڤاڵی هەنار لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت. ئەمەش 12ـەمین ساڵە لەسەریەک فیستیڤاڵەکە ساز دەکرێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی نیو ملیۆن سەردانیکەر و گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوە سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردبوو.

هەڵەبجە یەکێکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، 83 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی دوورە، لە 13ـی ئاداری 2014، بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راگەیەنرا، لە 14ـی نیسانی 2025، بە فەرمی پرۆژەی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسندکرا و بووە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.