چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی سوپای عێراق

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمشەو چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان قەزای حەویجە و ناحیەی سەرگەڕان هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی سوپای عێراق.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ئاشکرای کرد، ئەمشەو چەکدارانی داعش پەلاماری خاڵێکی سەربازیی فەوجی مەغاوێری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیان داوە، کە دەکەوێتە سەر چیای مامۆ (جەبەل مەگحوول) لە نێوان سنووری ناحیەی سەرگەڕان و قەزای حەویجەدا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردستان24، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەکدارەکانی داعش کامێرایەکی چاودێریی گەرمیی ئەو سەنگەرەی سوپایان پێکاوە و تێکیان شکاندووە.

لە کۆتاییدا سەرچاوەکە روونی کردەوە کە دوای روودانی هێرشەکە، هێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارەکانی داعش رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، و پاشان چەکدارەکانی داعش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.

هەر ئەمڕۆ جەودەت جیهاد، شارەزای ئەمنی بە کوردستان24ی راگەیاند: لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەبێت کە لەم کاتەدا بە هێزە ئەمنییەکان پڕ ناکرێتەوە.

هەروەها نەشئەت شاوێس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "بۆشاییەکی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە و پڕ نەکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کەرکووک نیگەران بن، دەشڵێت: ئێمە چاومان لەوەیە ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، پەرەی پێ بدەین و فراوانتری بکەین بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە."

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر زەوی نەبوونە، بەڵام بە بەردەوامی لە ئاسمانی ناوچەکە هاوکاریی هێزە عێراقییەکانیان دەکرد لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.

بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگاکە راپۆرتێکیان داوەتە پارێزگار کە سەرۆکی لێژنەی ئەمنییە و جەختیانکردەوە: ئەوان توانای ئەوەیان هەیە رووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە، بێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ هێزێکی دیکە هەبێت.