واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەی ئابی فەرمانبەران کرا

 وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری  خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب (8)ـی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی عێراق، ئەگەرێکی زۆر هەیە سبەی دووشەممە، 14ـی ئەیلوول، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

روونیشی کردەوە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات تاوەکوو پێش کۆتاییهاتنی دەوام پارەکە رەوانە بکات، بەڵام پێشبینییەکان بۆ سبەینێن.

ئەمە لە کاتێکدایە؛ پرۆسەی ناردنی مووچە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق چەند رێکارێکی کارگێڕی و دارایی دەگرێتەوە. مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەخۆران رەوانەی بەغدا دەکات، دواتر دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ لیستەکان دەکەن. دوای تەواوبوونی وردبینییەکە و نەبوونی هیچ تێبینییەک، نووسراوەکە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت. 

زۆرجار بەهۆی درێژەکێشانی پرۆسەی وردبینی و گۆڕانکاری لە لیستەکاندا، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێک دوادەکەوێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لای خۆیەوە پرۆسەی (هەژماری من)ـی راگەیاندووە و داتا بایۆمەترییەکانی خستووەتە بەردەست حکوومەتی فیدراڵی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ شەفافیەت و خێراترکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە و ناردنی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا.