شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆشاییە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد

شاندێکی باڵای ئەمنیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی ئاستی هەماهەنگیی ئەمنی و داڕشتنی رێکاری هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا خستراوەتە بەرباس.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، کۆبوونەوەکە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سوپاسالار بەڕێوەچووە. لە بەشێکی دانیشتنەکەدا هەردوولا ئاڵوگۆڕی زانیارییان لەسەر کەسانی داواکراو کردووە و پلانی دابەشکردنی ناوچەکانی چالاکی و داخستنی کەلێنە ئەمنییەکانیان لە ناوچەکانی نێوان هێڵەکانی بەرپرسیارێتی تاوتوێ کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگری عێراق جەختی کردەوە کە هاوکاریی نێوان دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق دەکات. لە بەرامبەردا، شاندی پێشمەرگە رایانگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان بەپێی راسپاردەی فەرماندە باڵاکانی، بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ.