ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی گرنگی لەبارەی فەرمانبەرانەوە دا
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا، پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ ئەو فەرمانبەرانە کارا بکات کە لەسەر داهاتی ناوخۆ لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دامەزراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لەلایەن وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە خرانەڕوو، پاشان شاندی باڵای حکوومەت راپۆرتێکیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق دەربارەی رەشنووسی یاسای بودجەی 2027 و کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم لە پەرلەمان پێشکەش کرد، هەروەها داتاکانی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەنجامەکانی دوایین سەرژمێریی عێراق بە وردی تاوتوێ کران.
بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە کۆی دەنگ بڕیار درا پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە کارا بکرێت کە لەسەر داهاتی ناوخۆ لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراون.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران رێگە بە هەردوو وەزارەت دەدرێت شوێنی ئەو فەرمانبەرانە پڕ بکەنەوە کە لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون و بە هەر هۆکارێک دەستبەرداری کارەکانیان بوون یان وازیان هێناوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی دامەزراندنی هەمیشەیی، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پشتیان بە دامەزراندنی فەرمانبەران لەسەر داهاتی ناوخۆی دامەزراوەکانیان بەستووە. ئەم فەرمانبەرانە رۆڵێکی گرنگیان لە بەڕێوەبردنی ئەرکە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکاندا هەیە.
پێشتر بەهۆی رێکارە داراییەکانەوە کاتێک یەکێک لەم فەرمانبەرانە وازی لە کارەکەی دەهێنا، دامەزراوەکان نەیاندەتوانی کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنێن، ئەمەش کورتهێنانی لە میلاکات و کێشەی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان دروست دەکرد. بڕیاری کاراکردنەوەی پرۆسەی لەجیاتیدانان یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردە بۆ ئەوەی بەبێ دروستبوونی بارگرانیی نوێی دارایی، شوێنی بەتاڵی ئەو کارمەندانە پڕ بکەنەوە و پرۆسەی بەڕێوەبردن بەردەوامی پێ بدەن.