لە یادی 57 ساڵەی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریادا، داوای بەفەرمی ناساندنی تاوانەکەی دەکرێت
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 57 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا، هەردوو پەرلەمانتار دکتۆر جێمس حسدۆ هیدۆ و رامی نووری شیاوس، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوای یەکڕیزی و بەبەڵگەکردنی ئەو تاوانانە دەکەن کە دژ بە پێکهاتەکان ئەنجام دراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە 16ـی ئەیلوولی 1969، مەفرەزەیەکی سوپای عێراق کۆمەڵکوژییەکیان دژی خەڵکی بێتاوانی گوندی سۆریا ئەنجامداوە، بەهۆیەوە 39 هاووڵاتیی کلدانی، سریانی و ئاشووری (لە سەروویانەوە قەشەی کڵێسای گوندەکە بووە) لەگەڵ 10 هاووڵاتیی کورد شەهید بوون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمەڵکوژیی سۆریا ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی ئەو زۆرداری و کۆمەڵکوژییانەی لە مێژووی هاوچەرخدا دەرهەق بەو گەلە ئاشتیخوازە کراوە، هاوشانی کۆمەڵکوژییەکانی سەیفۆ و سیمێل و تاوانەکانی ئەم دواییەی چەتە تەکفیرییەکانە لە دەربەدەرکردن و دەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە زێدی مێژوویی خۆیان لە دەشتی نەینەوا. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەو بێتاوانانە باجی مانەوەیان لەسەر خاکی باوباپیرانیان و وڵاتی نێوان دوو رووبار داوە.
هەردوو پەرلەمانتار لە پەیامەکەیاندا روو لە کڵێسا، پارتە سیاسییەکان، پەرلەمانتاران و سەرجەم دامەزراوەکان دەکەن و داوای یەکبوون و یەکهەڵوێستی دەکەن لەبەردەم ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا، داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ بەبەڵگەکردنی ئەو تاوانانە و بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی بۆیان، لەگەڵ کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی لە ناوچە مێژووییەکان و پاراستنی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان لەژێر چەتری دەستوور و یاسادا.