ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەچنە بەردەم دادوەر

بڕیارە دانیشتنێکی دیکەی دادگا بۆ دۆسیەی رووداوەکانی  لالەزار بەڕێوەبچێت و تێیدا بە شێوەیەکی فەرمی گوتە لە لاهوور شێخ جەنگی و دوو کەسی دیکە لە بەردەم دادوەر وەربگیرێت.

دانا تەقیەددین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026ـی دادگا، تەنیا هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید ئامادە دەبن.

گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوە دا، بڕیارە لە دانیشتنەکەدا بە شێوەیەکی فەرمی گوتەی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو دوو تۆمەتبارەی دیکەی دۆسیەکە لە لایەن دادوەرەوە وەربگیرێت. باسی لەوەش کرد، ئەمە وەک هەنگاوێکی نوێیە لە رێکارە دادوەرییەکانی ئەم دۆسیەیەدا کە چەندین لایەنی سیاسی و جەماوەریی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دانا تەقیەددین روونیکردەوە، لە کۆی 12 کەس کە لەسەر ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتنی تاوانکاری دراونەتە دادگا، پێشتر گوتەی نۆ کەسیان وەرگیراوە. بۆیە بڕیارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، گوتەی ئەو سێ کەسەکەی دیکەش لە لایەن دادوەرەوە وەربگیرێت تاوەکوو رێکارە یاساییەکانی ئەم قۆناخە بە تەواوی کۆتاییان بێت.

پێشتر سێ جار دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پولادی برای بە هۆکاری جیاواز لە لایەن دادگاوە دواخراوە. 

رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.

لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە. 

ئەم تۆمەتبارانە بەپێی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن، کە ماددەیەکە تایبەتە بە (رێککەوتنی گرووپێک یان چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە).