بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە
لە راگەیەندراوێکدا بارەگای خاتەمولئەنبیا لە ئێران رایگەیاند؛ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، ئەمریکا بڕیاریداوە بە رەزامەندی و گڵۆپی سەوزی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشەوە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا، هەنگاوەکانی دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.
سەبارەت بەم بابەتە، فەرماندەییەکە هۆشداری توندی داوەتە ئەمریکا و رایگەیاندووە: ئەگەر واشنتن هەڵەیەک دژی ئێران ئەنجام بدات، ئەوا سەرجەم بنکە و شوێنەکانی لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانجی هێرشی بەردەوام، کاریگەر و بەسەر ئێش، بێ هیچ سنووردارکردنێک.
هاوکات، هۆشدارییەکیشی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و جەختیکردەوە، هەر وڵاتێک پشتگیری لە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بکات، ئەوا بە هاوبەش و تێوەگلاو لەو کارە ئەژمار دەکرێت و ناتوانێت چاوەڕوانی لەخۆبردوویی یان نەرمونیانی لەلایەن ئێرانەوە بێت.