زانا مەلا خالید: خەڵکی کوردستان بە ئومێدەوە چاوەڕێی نزیکبوونەوەی زیاتری پارتی و یەکێتین

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: سەردانی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستانمان کرد. یەکێتیی زانایان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزراوە و ئەمەش خۆی لە خۆیدا بایەخدانە بەم توێژە کاریگەرە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، مامۆستایانی ئاینی پێشەنگی کۆمەڵگەن و هەنگاوەکانیان هەمیشە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە شێوازی بەڕێوەبردن و لەنێو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستاندا روودەدەن. ئەوان هاوکارێکی تەواوی چین و توێژەکانی دیکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لەسەر داب و نەریتی ڕەسەنی خۆی بمێنێتەوە و ئاین وەک پرەنسیپ لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا پەیڕەو بکرێت.

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی جەختی کردەوە، لە هەموو سەردەمەکاندا مامۆستایانی ئاینی پێشەنگی کۆمەڵگە بوون و هەمیشە هەوڵیانداوە کۆمەڵگە لەسەر ئاراستەیەکی دروست هەنگاو بنێت.

لە لایەکی دیکەوە زانا مەلا خالید گوتیشی؛ خەڵکی کوردستان بە گشتی بە ئومێدەوە دەڕواننە داهاتوو و هیواخوازن نزیکبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر ببێت و هەنگاوەکانیان بۆ یەکڕیزی و لێکتێگەیشتن خێراتر بكرێن.