حەشدی شەعبی بۆ کوردستان24: چەکی گرووپەکان رادەست ناکرێت، رێکدەخرێتەوە

گرووپێکی چەکدار لە عێراق
گرووپێکی چەکدار لە عێراق

بەرپرسێکی حەشدی شەعبی جەخت دەکاتەوە، چەکی گرووپە چەکدارەکان رادەستی حکوومەتی عێراق ناکرێت، بەڵكوو رێکدەخرێتەوە و پشتیوانیی خۆشیان بۆ ئەو هەوڵانەی بەغدا دووپات دەکاتەوە. دەشڵێت، "هەر هێرشێک بۆ سەر هەولێر، لە لای ئێمەوە قبووڵنەکراوە". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، موهەننەد عیقابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی جەنگی لە دەستەی حەشدی شەعبی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری کوردستان24، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی عێراق، کە دیارترینیان کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رێکخستنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان بوو.

کشانەوەی هاوپەیمانان و سەروەریی عێراق

کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق لە 30ـی ئەیلوولی 2026، لە سەر بنەمای رێککەوتنی کۆمیسیۆنی سەربازیی باڵای نێوان بەغدا و واشنتن دێت. بەپێی ڕێککەوتنەکە، لەم بەروارەوە شێوازی بوونی هێزەکان لە ئەرکی مەیدانیی شەڕی دژی داعشەوە دەگۆڕێت بۆ هاوکاریی دووقۆڵیی ئەمنی و راوێژکاری.

 موهەننەد عیقابی لەبارەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رایگەیاند، هەمووان چاوەڕێی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، "چونکە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی خاکی عێراق بەسەر تەواوی وڵاتدا". 

عیقابی باسی لەوە کرد، ئەو رێککەوتنەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا کردوویەتی، دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانییە. گوتیشی: "ئێمە پشتگیریی تەواو لەم هەنگاوە دەکەین، باوەڕی تەواومان بەوە هەیە، عێراق بە هەموو هێزە ئەمنییەکانییەوە، توانای تەواوی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی هەیە بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ هێزێکی دەرەکی یان بیانی هەبێت."

هێرشەکانی سەر هەولێر

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 کە "ئایا دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەولێری پایتەخت لە هێرشە درۆنییەکان پارێزراو دەبێت؟" بەڕێوەبەری راگەیاندنی جەنگیی حەشدی شەعبی جەختی کردەوە، "هەر هێرشێک بۆ سەر شاری هەولێر یان هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق، بە توندی رەتکراوە و قبووڵنەکراوە." 

روونیشی کردەوە، هەولێر بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە عێراق، سەلامەتیی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە سەلامەتیی سەرانسەری وڵات، بۆیە رێگە نادەن هیچ لایەنێک ئاسایشی ئەو ناوچانە بخاتە مەترسییەوە.

رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان

ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی رەتیکردەوە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەستی حکوومەتی عێراق بکەن، بەڵکوو وەک خۆی باسی کرد، ئەوەی ئێستا هەیە، تەنیا رێکخستنەوەی چەکە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە و بەتەواوی پشتگیریی پڕۆسەکە دەکەن. گوتیشی، "پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بەردەوامە بۆ ئەوەی رێگە لە هەر جۆرە پشێوی و سەرپێچییەک بگیرێت".

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەوان بە توندی دژی هەر جۆرە ململانێیەکی ناوخۆیین لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا، وە رێگەش نادەن خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و یەکلاکردنەوەی کێشەی وڵاتانی دەرەوە. دووپاتیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی سەقامگیریی عێراق و رێگریکردنە لەوەی وڵات باجی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بدات.


پەیوەندییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی عێراق (کە بەشێکیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا رێکخراون) لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەرەتای ساڵی 2020، پێی نایە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆزەوە. لەو کاتەوە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دەرکرد و، گرووپەکانی سەر بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەستیان بە ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام کرد.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی هەریر، چەندین جار بوونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو. ئەم هێرشانە نەک تەنیا زیانیان بە هاوپەیمانان دەگەیاند، بەڵکوو مەترسییەکی گەورەیان لەسەر ژیان و ئاسایشی خەڵکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرد، کە هەمیشە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە توندی سەرکۆنە دەکران.