دڵشاد شەهاب: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە وەرچەرخانێکی مێژووییە

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە وەرچەرخانێکی گەورەیە و ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەن سوپایەکی یەکگرتووە. پێشمەرگە لە رابردوودا توانیویەتی بەرەنگاری دڕندەترین گرووپی تیرۆرستی ببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، ماندووبوونی ئەو کەسانەی لەم پرۆسەیەدا بەشداربوون، بە فیڕۆ نەچووە و ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکە بۆ نیشتمان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە سەروەرییەکی دیکەیە دەخرێتە سەر سەروەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەروەرییەکە کە شایەنی قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستانە".

بە گوتەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەمڕۆوە دوا هەنگاوەکانی یەکخستنی پەیکەربەندیی هێزی پێشمەرگە راگەیەندراوە و ئەو هێزە ئێستا خاوەن فەرماندەیەکی گشتییە، کە بەپێی یاسا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. ئەم پرۆسەیە لە رووی ئیداری، دارایی و هەیکەلییەوە لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێ کراوە.

دڵشاد شەهاب جەختیکردەوە، پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە 10 ساڵی رابردوودا ئەرکێکی سەخت بووە. ساڵی 2016 سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی یەکەمین هەنگاوی بناخەی ئەم رێکخستنەی کردووە. لەم پێناوەشدا چەندین یاداشتی لێکگەیشتن و هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی دۆست واژۆ کراون.

گوتەبێژەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، هێزی پێشمەرگە هەمیشە خاڵی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی بووە. ئەو وەک نموونە ئاماژەی بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ کرد کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا و بە یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی مێژووی پێشمەرگەی ناوبرد.

شەهاب لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، پێشمەرگە لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا، وەک کاریگەرترین هێزی سەرزەوی بە دانپێدانانی هەموو لایەنە چاودێرەکان ناسراوە. سەرەڕای جیاوازییە هەیکەلییەکانی رابردوو، پێشمەرگە بەردەوام لە بیروباوەڕدا هێزێکی یەکگرتووی کوردستان بووە.