وەزیری دارایی عێراق کێشە بۆ رێککەوتنی ئەسیکۆدا دروست دەکات

وەزیری دارایی عێراق بەربەست بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیستمی ئەسیکۆدا دروست دەکات.

هەرچەندە رێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ هەیە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، بەڵام وەزیری دارایی عێراق بەربەست بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروست دەکات "ئەمە قسەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقە".

سەلوان تەها، ئەندامی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 ـی راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لیژنەیەکی هاوبەشییان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا پێکهێنا و لیژنەکە سەردانی دەروازە سنوورییەکانی کرد و لەسەر سەرجەم خاڵەکان رێککەوتن، بەشێوەیەک سەرەتا لێخۆشبوونی گومرگی بۆ عێراق هەبوو، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان نەبوو، دواتر میکانیزمێک دۆزرایەوە و چارەسەر کرد،

هەروەها بڕیاردرا دوو هەژمار بکرێنەوە و داهاتی خاڵە سنوورییەکان پەنجا و بە پەنجا لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دابەش بکرێت.

گوتیشی: ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئەنجوومەنی وزاری ئابووری عێراق پەسەند کرا و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، پێش ئەوەی بخرێتە دەنگدان،

فالح ساری، وەزیری دارایی بەربەستی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروست کرد و داوای کرد هەموو داهات بگەرێتەوە بەغدا و لەوێوە جارێکی دیکە سەدا پەنجای هەرێمی کوردستان جیابکرێتەوە و رەوانە بکرێتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئەو پێشنیازە رەتدەکاتەوە. بۆیە تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە. 

سەلوان تەها ئاشکراشی کرد، جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بە سێ قۆناخە و لە عێراق قۆناخی یەکەم جێبەجێ کراوە و ئامادەکاری بۆ قۆناخی دووەم دەستیپێکردووە و لە قۆناخی دووەمدا پەرە بە ژێرخانی دیجیتاڵی دەروازە سنوورییەکان دەدرێت.