ژیانی سەدان قوتابی لە سنووری گەرمیان لە مەترسیدایە

مەترسیی رووخان لەسەر هەشت قوتابخانەی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان هەیە؛ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە بە کوردستان24ـی گوت، تەنیا لە قوتابخانەیەک هەڕەشە لەسەر ژیانی 350 قوتابی هەیە. کوردستان24ـیش مەترسییەکەی گەیاندە وەزیری پەروەردە.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، محەممەد ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، هەشت قوتابخانەی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان مەترسیی رووخانیان لەسەرە، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆریان چەندین ساڵە نۆژەن نەکراونەتەوە. 

محەممەد ئەحمەد، گوتی، "رێژەی مەترسیی رووخان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە جیاوازە، بەڵام زۆرترین مەترسی لەسەر هەردوو قوتابخانەی سەرقەڵا و کوڵەجۆ هەیە و دووریی نێوانیان تەنیا 100 مەترە." 

ئەوەشی خستەڕوو، قوتابخانەی سەرقەڵا لە ساڵانی 40ـەکانەوە دروست کراوە و زیاتر لە 20 ساڵە نۆژەن نەکراوەتەوە. باسی لەوەش کرد، 350 قوتابی لەو قوتابخانەیەدا دەخوێنن و مەترسیی جددی لەسەر ژیانی هەمووان هەیە. 

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، ئاماژەی بەوە دا، حکوومەت چەند ساڵێکە لەسەر بودجەی پترۆدۆلاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سەرقاڵی دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێیە بۆ قوتابیانی سەرقەڵا و 90%ـی کارەکانی تەواو بووە؛ بەڵام دوایین گوژمەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە خەرج نەکراوە، کە بڕەکەی نزیکەی 100 ملیۆن دینارە، بۆیە نەتوانراوە 10%ـی دیکە تەواو بکرێت و قوتابیان بۆ ئەمساڵی خوێندن بۆ ئەو باڵەخانە نوێیە بگوازرێنەوە. 

 

پۆلێکی قوتابییانی قوتابخانەی سەرقەڵا 

 

 محەممەد ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، قوتابخانەی کوڵەجۆش لە ساڵانی 50ـەکانەوە دروست کراوە و ئێستا مەترسییەکی زۆری لەسەرە. قوتابخانەیەکی دیکەشی بۆ دروست کراوە و تەنیا 15%ـی تەواو کراوە. 

روونیشی کردەوە، مەترسییەکەیان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردە و حکوومەتی خۆجێیی گەرمیان و داوایان کردووە، لانیکەم قوتابییانی سەرقەڵا بۆ قوتابخانە تەواونەکراوەکە بگوازرێنەوە، بۆ ئەوەی لە مەترسیی رووخان پارێزراوتر بن. 

لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان لە هەولێر هەبوو. لە کۆنفرانسەکەدا هەڤرێست رەجەب، پەیامنێری کوردستان24، مەترسییەکەی جارێکی دیکە گەیاندە وەزیری پەروەردە. 

 

دیوارێکی قوتابخانەکەی سەرقەڵا

وەزیری پەروەردە لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24، گوتی، "ئاگاداری بابەتەکەم، ئەو قوتابخانەیەی سەرقەڵا لە نێو پرۆژە راگیراوەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانە و بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ئەو دەڤەرە لەسەر هێڵین و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین." 

گوتیشی، "بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لە رێگەی ئۆنلاینەوە کۆبوونەوەیەکمان هەبووە، داوامان لە بەڕێوەبەری گشتی کردووە سەردانی سەرۆکایەتیی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات و لە نزیکەوە دۆخەکە هەڵبسەنگێنێت." 

 

دیوارێکی قوتابخانەکەی سەرقەڵا

وەزیری پەروەردە، روونیشی کردەوە، "ئێمە داوامان کردووە لە رێگەی بەڵێندەرەوە یان کارەکانی ئەو قوتابخانانە تەواو بکرێت، یان ئەوەتا پرۆژەکەمان رادەست بکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگەی دیکە بۆ تەواوکردنیان بدۆزینەوە." لە کۆتاییدا دڵنیایی دا، "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە، لەبەر ئەوەی سەلامەتیی گیانی قوتابیان و مامۆستایان بۆ ئێمە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان (کە قەزاکانی کەلار، کفری و ناوچەکانی دەوروبەریان دەگرێتەوە)، نزیکەی 380 بۆ 400 ناوەندی خوێندن (باخچەی ساوایان، قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی حکوومی و ئەهلی) هەن. زۆرینەی قوتابییانی دەڤەرەکە کوردن و دوو قوتابخانەی خوێندنی تورکمانیشی لێیە.

 

پۆلێکی قوتابییانی قوتابخانەی سەرقەڵا