کۆمەڵەی پەنابەران بۆ کوردستان24: خنکانی کۆچبەرانی کورد لەنێوان لیبیا و ئیتاڵیا پشتڕاست نەکراوەتەوە
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، هەواڵی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران و خنکانی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد لە دەریای ناوەڕاست، تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی ئیتاڵیا یان لیبیا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.
سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: ئەو هەواڵ و وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە خنکانی کۆچبەرانی کورد لە دەریای ناوەڕاست بڵاوکراونەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان لەپشتەوە نییە و تەنیا دەنگۆی سۆشیال میدیان.
سەبارەت بە دەنگۆی خنکانی 18 کۆچبەر لەنێوان کەناراوەکانی لیبیا و ئیتاڵیا کە گوایە 10 کەسیان کوردن و دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، بەکر عەلی جەختی کردەوە: ناکرێت لەسەر بنەمای هەواڵی بێ بەڵگە دڵی کەسوکاری کۆچبەران نیگەران بکەین؛ نە لە لایەن حکوومەتی لیبیا و نە لای دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاشەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەلەمەکە نقوم بووبێت، یاخود ئەو کۆچبەرانە گیانیان لەدەستدابێت و ناسرابێتنەوە، بۆیە هەموو ئەوانەی بڵاودەکرێنەوە هەواڵی بێ بەڵگەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان سەرنجی خستە سەر دۆخی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا و ئاشکرای کرد، ئێستا زیاتر لە 200 کۆچبەری کورد لەنێو خاکی لیبیادا گیریان خواردووە یان چارەنووسیان نادیارە.
هەروەها وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو کۆچبەرانە خستەڕوو و گوتی: لەو ژمارەیە 21 کۆچبەریان بێسەروشوێنن، بەڵام بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوودا 3 کۆچبەر بگەڕێنرێنەوە کوردستان، هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئازادکردنی 10 کۆچبەری دیکە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەوانیش دەکەین.