کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق دەستیپێکرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی ساڵی 2027 دەستیپێکرد.

ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە و سەردانە، تاوتوێکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمە لە پڕۆژەیاساکەدا، پێش ئەوەی بە فەرمی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق بکرێت.

دوێنێ چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاندبوو کە شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەغدا بە مەبەستی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاری، ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەکی بواری بودجە پێکهاتووە، و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ تەکنیکییەکانیان بریتییە لە خستەڕووی تێبینی و داواکارییەکانی هەولێر لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی داهاتوودا.