یەکەمجارە بەشی بەبازاڕکردنی خۆراکی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی دەکرێتەوە

بۆ یەکەمجار لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەشی بەبازاڕکردنی خۆراکی کشتوکاڵی لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی کرایەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن 40 قوتابی لە خۆ دەگرێت.

ئەم هەنگاوە لە پێناو ئامادەکردنی کادیری شارەزادایە بەگوێرەی خواستی بازاڕی کار. کردنەوەی بەشەکە دوای ئەوە هات کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ دا و کردوویەتی بە کاری لەپێشینەی خۆی.

لەم بارەیەوە، دکتۆر کاوان سیروان، مامۆستا لە بەشی بەبازاڕکردنی خۆراکی کشتوکاڵی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، جووتیارە نموونەیییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، رێکخراوەکان و خاوەن پڕۆژە و بزنسە گەورەکان، بڕیار لەسەر کردنەوەی ئەم بەشە دراوە تاوەکو کادیران بەپێی پێداویستیی راستەقینەی بازاڕ پەروەردە ببن.

دکتۆر کاوان ئاماژەی بەوەش کرد، دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە کۆنمرەی 60% بۆ خوێندنی ئاسایی و 55% بۆ خوێندنی پارالێڵ وەردەگیرێن، هەروەها دەرچووانی بەشەکە نازناوی "ئەندازیاری کشتوکاڵی"یان پێدەدرێت. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوەش، بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمهێنان و روونکردنەوەی تەواوی زنجیرەی سیستەمی خۆراکە لە "خاکەوە بۆ چەتاڵ".

کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی لە 7 بەشی جیاواز پێکهاتووە و 150 قوتابی بە شێوازی تیۆری و پراکتیکی وانەکانیان لە کۆلێژەکە دەخوێنن.