ئاوارەکانی مووسڵ لە کەمپی ماملیان داوای چارەسەرکردنی رەوشی ژیانیان دەکەن
نزیکەی 13 ساڵە بەشێک لە ئاوارە کوردەکانی مووسڵ لە کەمپی ماملیان لە ئاکرێ نیشتەجێکراون، بەڵام بە تەواوی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە فەرامۆشکراون و سەرجەم هاوکارییەکانیان لەسەر بڕدراوە، ئەمەش بێئومێدی و نیگەرانییەکی زۆری لای ئاوارەکان دروستکردووە.
دوای 13 ساڵ لە ئاوارەیی، دۆخی ژیانی ئەو ئاوارانە لە ئاقارێکی نادیاردایە؛ زیاتر لە 160 خێزانی کوردی مووسڵ کە لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا روویان لە کەمپی ماملیان کردووە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لە مووسڵ، توانای گەڕانەوەیان نەمایە.
عەزیز حەسەن، موختاری کەمپی ماملیان رایگەیاند، پێشتر هاوکارییان پێدەگەیشت، بەڵام نزیکەی 2 ساڵە هەموو هاوکارییەک بڕدراوە و لەژێر کەپری تەنەکەییدا ژیان بەسەر دەبەن و چارەنووسیان نادیارە.
لەلایەکی دیکەوە، قادر سەلیم، ئاوارەیەکی مووسڵ ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق هیچ کارێکی بۆ نەکردوون و ناتوانن بگەڕێنەوە؛ تەنانەت بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی و بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.
هەروەها حەسەن عەزیز، ئاوارەیەکی دیکەی ناو کەمپەکەیە، رایگەیاند، بەهۆی داگیرکردنی ناوچەکانیان لە مووسڵ، رێگەی گەڕانەوەیان لێگیراوە و حکوومەتی عێراقیش هیچ چارەسەرێک بۆ دۆخەکەیان ناخاتە روو.
لە بڕیار ئەوەی حکوومەتی عێراق چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی ئەو ئاوارانە بدۆزێتەوە، تەواوی هاوکارییەکانی لێ بڕیون، ئەمەش بارگرانییەکی زۆر گەورەی لەسەر شانیان دروستکردووە.