هێمن میرانی: بەناو کردنی ئۆتۆمبێل بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی نوێی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەشێکە لە هەنگاوەکانی بەستانداردکردن و ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، هێمن میران، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، پێشتر پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دواتر لە پارێزگای دهۆک سیستەمی ساڵیانە خراوەتە کار. میران روونیکردەوە، بەهۆی زۆریی قەرەباڵخیی و ژمارەی مامەڵەکان لە هەولێر، پرۆسەکە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر بووە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری دیوانی گشتیی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا ئامادەکارییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین لە قۆناخی جێبەجێکردندان. ئەو پرۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی پێویست لە رووی باڵەخانە و کەلوپەلی تایبەت و سیستەمی ئەلیکترۆنی هەیە.

ئەمڕۆ پرۆسەکە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر تەنیا لە بەشی بارهەڵگر دەستیپێکردووە. ساڵیانەی نوێ هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە کارتێکی بچووک و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان لە رووی ئەمنی و کوالێتییەوە دیزاین کراوە.

هێمن میران ئامانجەکانی پرۆسەکەی خستەڕوو و گوتی: "یەکێک لە ئامانجەکان بریتییە لە کاراکردنی پۆرتالی دیجیتاڵ، کە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەیەوە بەشێک لە مامەڵەکانی دەرهێنان و تۆمارکردن و گۆڕینی خاوەنداریەتی لە ماڵەوە بکەن."

میران جەختی لە پتەوکردنی پرسی خاوەنداریەتی کردەوە و رایگەیاند، لەمەودوا خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێل بەهێزتر دەبێت و رێگری لە هەر جۆرە ساختەکارییەک دەکرێت لە گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێلدا. 

سەبارەت بە کاتی گواستنەوەی خاوەنداریەتی، میران روونیکردەوە، بەپێی رێنمایی ساڵی رابردوو، ماوەکە لە 60 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ درێژکراوەتەوە. هێمن میران داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک ئۆتۆمبێل لە کەسێکی دیکە دەکڕێت، پابەند بێت بە گواستنەوەی خاوەنداریەتییەکە لە ماوەی دیاریکراوی 90 رۆژدا، بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت، بەتایبەت کە پێشتر حاڵەتێک هەبوو 1280 ئۆتۆمبیل بەناوی یەک هاووڵاتی بووە، هاووڵ اتییەکەش کۆچی دوایی کردبوو 80 ئۆتۆمبیل بووە میرات، کێشەی میرات بۆ سەدان ئۆتۆمبێل دروست بووە.