دوای بێسەروشوێنبوونی لە شەڕەکەی داعش؛ تەرمی مێردمنداڵەکەی پردێ دۆزرایەوە
تەرمی ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێ بێسەروشوێن بوو، لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە، کەسوکارەکەشی رەتیدەکەنەوە تەرمەکەی وەربگرن لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکان وەک چەکداری داعش مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، کەسوکاری محەممەد هێمن، ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێ بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەیان لە یەکەی پزیشکیی دادی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دۆزییەوە.
کەسوکاری ئەو مێردمنداڵە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ئامادە نین تەرمەکەی وەربگرن، لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرمەکەیان بە ناوی چەکداری داعش رادەستی نەخۆشخانە کردووە. ئەوان ئەو تۆمەتە بە توندی رەتدەکەنەوە و، گوتیان، کوڕەکەیان منداڵ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوی داعشەوە نەبووە، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان بە هەڵە کوشتوویانە و ئێستاش دەیانەوێت وەک "تیرۆریست" لە قەڵەمی بدەن.
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، لە دوێنێوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رەتیاندەکردەوە محەممەد هێمن لای ئەوان بێت، بەڵام ئەمڕۆ کەسوکارەکەی لە نەخۆشخانە تەرمەکەیان دۆزییەوە و دەرکەوت لە لایەن ئەو هێزانەوە رادەست کراوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ـ ئەیلوولی 2026، لە ئەنجامی پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ، دوو چەکداری داعش و مێرمنداڵێک کوژران، هاوکات دوو چەکداری دیکەی ئەو رێکخراوەش دەستگیرکران. هەر لەو شەڕەدا، مێردمنداڵێکی دیکە بە ناوی محەممەد هێمن، بێسەروشوێن بوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوول، تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە.