سەباح نوعمان: لێکۆڵینەوە لە کوژرانی دوو گەنجەکەی پردێ دەکەین

گوتەبیژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی دوو گەنجی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی پردێ دەستپێکردووە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان گوتەبیژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: ئەوەی روویداوە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی بووە، رۆژانەش هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنی لەناکاو دەکەن، ئەو ئۆپەراسیۆنەشی لە پردێ کراوە، دەزگای دژە تیرۆر زانیاریی هەواڵگری لە بارەی بوونی دوو ئەندامی خۆکوژی داعش هەبووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا هەردوو چەکدارەکەی داعش بکوژن و کەسی سێیەمیش دەستگیر بکەن.سەباع نوعمان گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەکان بەشێکن لە چالاکییەکانی ریشەکێشکردنی چەکدارە پاشماوەکانی رێکخراوی داعش. 

هەروەها ئاماژەیداوە، لە بارەی کوژرانی ئەو دوو مێرمنداڵەی لە رووبەڕووبوونەوەکەی پردێ کوژراون، لێکۆڵینەوە دەکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش و لەنێوبردنیان.

راشیگەیاند: "پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین."

بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، کەسوکاری (محەممەد هێمن)، ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێ بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەیان لە یەکەی پزیشکیی دادی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دۆزیوەتەوە. پێشتر و لە دوێنێوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رەتیاندەکردەوە ناوبراو لای ئەوان بێت، بەڵام دەرکەوت لەلایەن ئەو هێزەوە کوژراوە.

کەسوکاری مێردمنداڵە کوژراوەکە رەتیدەکەنەوە تەرمەکەی وەربگرن؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرمەکەیان بە ناوی "چەکداری داعش"ـەوە رادەستی نەخۆشخانە کردووە. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە کوڕەکەیان منداڵ بووە، هیچ پەیوەندییەکی بەو رێکخراوەوە نەبووە، و بە هەڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە و ئێستاش دەیانەوێت وەک تیرۆریست ناوی بزڕێنن.

رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ روویدا. لە ئەنجامدا دوو چەکداری داعش و مێردمنداڵێک کوژران و دوو چەکداری دیکەش دەستگیرکران، هاوکات لەو شەڕەدا محەممەد هێمن بێسەروشوێن بوو، تاوەکو ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە.