هەرێمی کوردستان پرسی بودجە لەگەڵ فیدراڵ یەکلایی دەکاتەوە

دوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجە و شایستە دارایییەکان سەردانی بەغدایان کردووە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەفتەی رابردوو دوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە؛ یەکێکیان شاندێکی تەکنیکی و دارایی بووە و ئەوی دیکەیان لە ئاستێکی باڵای حکوومەت بووە.

شاندی تەکنیکی کاری لەسەر خشتەی دابەشکردنی مووچە و وردەکارییە دارایییەکان کردووە. لە بەرامبەردا، شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەکانی 11، 12 و 13ـی یاسای بودجە کردووەتەوە، بەتایبەتی لەسەر بنەمای ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی عێراق.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، عێراق لەسەر بنەمای داتاکانی سەرژمێری، رێژەی 12.67%ـی بۆ پشکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات کە ئەنجامی سەرژمێرییەکە رێژەی 14.41%ـە و دەبێت ئەم رێژەیە ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

هاوکات، شاندی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە نەبەسترێتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات هەر ناکۆکییەک لەسەر بابەتە سیاسی و دارایییەکان کاریگەریی لەسەر ناردنی مووچەکان نەبێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستێکی تەواوی داواکارییەکانی خۆی، لە بابەتی دامەزراندن و مافەکانی خوێندکاران و مامۆستایان تا پرسەکانی خانەنشینی و پاداشتی کۆتایی خزمەت، بۆ وەزارەتی داراییی عێراق ناردووە. لە بواری داهاتیشدا، داوای گۆڕانکاریی جەوهەری لە شێوازی دابەشکردنی داهاتی ناوخۆیی کردووە، لەوانەش دابەشکردنی داهاتی ناوخۆ بە شێوەی 50% بەرامبەر 50٪، بەڵام هێشتا رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە.

سەبارەت بە پرۆژەبوودجەی ساڵی 2027ـی عێراق، سەرچاوەکە روونیکردەوە هێشتا ناوەڕۆکی کۆتایی رەشنووسەکە بۆ هەرێمی کوردستان بە تەواوی روون نییە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە داواکارییەکانی لە رەشنووسی بودجەدا جێگیر بکرێن.

رەشنووسی پرۆژەبوودجەی 2027 لە وەزارەتی داراییی عێراقەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێردراوە بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردن و دواتر بۆ پەرلەمانی عێراق دەنێردرێت بۆ دەنگدان لەسەری. چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆکان لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەردەوام بن، بەتایبەتی لەسەر داواکارییە دارایی و بودجەییەکانی هەرێمی کوردستان.