بەرپرسانی سیاسیی کەرکووک داوای لێکۆڵینەوە لە کوژرانی دووگەنجەکە دەکەن
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ هەر ئۆپەراسیۆنێکداین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام قبووڵکراو نییە ئۆپەراسیۆنێک لەناو مارکێتێکدا بکرێت و خەڵکی مەدەنی تێیدا بکرێتە قوربانی".
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هاوخەمیی خۆی بۆ خێزانی قوربانییەکان دەربڕی و داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد. ئەو جەختی کردەوە کە نابێت لەژێر ناوی لێدانی داعشدا، منداڵی بێتاوان بکوژرێن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "ئەم دۆخە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە، چونکە پێویست بوو هەماهەنگی لەگەڵ لێژنە ئەمنییەکانی پردێ بکرایە تا ئەم رووداوە روو نەدات".
لە لایەکی دیکەوە، رەسوڵ رەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کوژرانی ئەو دوو گەنجە بە ناحەق بووە. ئەو هێزانەی دوای 16ـی ئۆکتۆبەر لە کەرکووکن و بە ناوی هێزی ئەمنییەوە کار دەکەن، بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە ئەستۆ ناگرن و بۆ سەقامگیری لە کەرکووک نین.
رەئوف روونیکردەوە کە داعش بووەتە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر کەرکووک و دانیشتووانی شارەکە. ئەو هەروەها پرسیاری ئەوەی ورووژاند کە ئایا ئەو هێزانە بە چ رێگەپێدانێک ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە، لە کاتێکدا یەکەی ئیداری، پارێزگار و جێگری پارێزگاری کەرکووک لە دۆخەکە بێ ئاگان.