دیندار زێباری: شەرعییەتی هەرێمی کوردستان لە ماددە دەستوورییەکاندا چەسپێنراوە

 رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێگەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیی هیچ هێزێکی دەرەکییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بنەما و شەرعییەتی خۆی لە دەستووری کۆماری عێراق وەردەگرێت.

دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە ئاماژەی بە ماددەکانی 1، 115، 116، 117، 120 و 121ـی دەستووری عێراق کرد و روونیکردەوە، دەستوور سیستەمی فیدراڵیی عێراقی چەسپاندووە و هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناساندووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە ماددەی 110ـی دەستوور کرد کە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، ئاسایشی نیشتمانی و هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات.

سەبارەت بە بوارە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ، زێباری گوتی: "عێراق پابەندە بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان". زێباری پێداچوونەوەی گشتیی نێودەوڵەتی ناسراو بە یو پی ئارـی بە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پابەندییانە ناوبرد.

زێباری جەختیکردەوە، پێویستە راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی راپۆرت و پێداچوونەوە بگوازرێنەوە بۆ پلانی کار و جێبەجێکردنی کرداری. ئەمەش لە رێگەی هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان بەغدا و هەولێر و هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەر دەبێت.

لە کۆتاییدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونیکردەوە، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندییەکی دەستووری و فیدراڵییە و بنەماکەی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، هەماهەنگی، رێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون بە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە.