سوپای پاسداران: دەرکردنی ئەمریکا بەرهەمی خۆڕاگری عێراقە

سوپای پاسدارانی ئێران، پیرۆزبایی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت، کۆتاییهاتنی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە بەرهەمی خۆڕاگریی گەل و ناوچەکەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2026، سوپای پاسدارانی و بەرپرسانی سەربازیی ئێران جەخت دەکەنەوە، ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا، بۆیە باشتر وایە لە سەرتاسەری ناوچەکەش بکشێتەوە و کۆتایی بە دەستوەردانەکانی بهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی ئەمریکا بە خۆبەخشی یان لە رێگەی گفتوگۆی نەرمەوە نەکشاونەتەوە، بەڵکو فشاری بەردەوام و نەبوونی زەمینەی مانەوە، ئەوانەی ناچار کردووە خاکی عێراق بەجێبهێڵن.

لە 30ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی ئەمریکا لە دوای 12 ساڵ شەڕ کردن دژی رێکخراوی داعش عێراقیان جێهێشت و بە فەرمی کۆتاییهاتنی بە ئەرک و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێنا. ئەم بڕیارە، هێزەکانی ئەمریکا عێراقیان جێهێشت و بەرپرسیارێتی تەواوی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکان کەوتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (سوپا و پێشمەرگە)، لە کاتێکدا ئەمریکا لە رێگەی راهێنان و پشتیوانی هەواڵگرییەوە هاوکارییەکانی درێژە پێدەدات.