فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: لەگەڵ هاوپەیمانان پەیوەندییەکانمان فراوانتر دەکەین

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرجەم وڵات و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەکە، لە ساڵی 2014ـەوە راوێژکار و سەربازانی هاوپەیمانان شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و پێشمەرگە کاریان کردووە و پشتیوانی سەربازی، راهێنان، راوێژ، هەواڵگری و پێداویستیی لوجستیکیان پێشکەشکردووە؛ کە ئەم هەوڵە هاوبەشانە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، ئازادکردنەوەی ناوچەکان و تێکشکاندنی خاکی داعش.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وێڕای بەرزنرخاندنی قوربانیدانی ئەو کەسانەی لە پێناو ئەم ئەرکەدا گیانیان بەخشیوە یان بریندار بوون، جەختی کردەوە کە ئازایەتی و خزمەتگوزارییەکانیان هەمیشە بەڕێز و پێزانینی باڵاوە لە یاد دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە هەماهەنگیی تەواو لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەڕێوەچووە، و هەردوولا پابەندن بە بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکی ئەمنی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەم ئەرکە سەربازییە مانای کۆتایی هاتنی هاوبەشییەکانی دوانزە ساڵی رابردوو نییە، بەڵکو گواستنەوەیەکی قۆناغە؛ لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەردەوامبوونی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانە لە رێگەی چوارچێوە دوقۆڵی و فرەلایەنە گونجاوەکانەوە، هاوکات دەیەوێت دەروازەیەک بۆ پەیوەندییەکی فراوانتر لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، پەروەردە، گەشەپێدان و تەکنەلۆجیا بكاتەوە.

لە کۆتاییدا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە قەرزاری ئەم هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبن.