وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24: تواناکانی پێشمەرگە زۆر پێشکەوتووە

هێزەکانی پێشمەرگە
هێزەکانی پێشمەرگە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، هێزەکانیان بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە عێراق کشاونەتەوە و توانای هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیش زۆر پێشکەوتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ـی ئۆکتۆبەری 2026، تۆمی پیگوت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق تاوەکو 30ـی ئەیلوول بە سەرکەوتووانە جێبەجێ کردووە، ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو خشتە کاتییە یەکدەگرێتەوە کە پێشتر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەری رێککەوتووین."

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، کشانەوەی هێزەکانیان "رەنگدانەوەی بەرزبوونەوە و پێشکەوتنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە. هاوکات نیشانەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی گرنگ لە پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هەولێر و بەغدا، تۆمی پیگوت جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی پابەندە بە هەبوونی هاوبەشییەکی ئابووری و ئاسایشیی بەهێز لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی عێراق دووپات کردەوە و گوتی، "ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەکەین بۆ چەسپاندن و پیادەکردنی سەروەریی عێراق، لە کاتێکدا وڵاتەکە بە سەرکردایەتیی ئەو و لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی تەواودا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرەو ئاراستەیەکی نوێ هەنگاو دەنێت."

رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، دوای 12 ساڵ مانەوەیان، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا؛ بە شێوەیەکی فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە. 

لەمبارەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە دەرچوونی دوایین هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رادەگەیەنم. ماوەیەکی زۆرە بە هۆی بڕیاری هەڵەوە لەم گۆمئاوەدا مابووینەوە؛ بەڵام بەم زووانە ئەوەش دەبێتە بەشێک لە مێژوو".

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا و جەختی لەوەش کردەوە، عێراق بە دەست سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەسپێرێت کە پێشتر پشتیوانی لێ کردووە.