شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی چڕی دژی ئاودانی سەوزە بە ئاوی قورس دەست پێکرد
شارەوانیی شەشی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتێکی چڕی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئامێرە نایاساییانە دەست پێکردووە، کە بۆ ئاودانی بەرهەمی کشتوکاڵی بە ئاوی قورس بەکاردەهێنرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، چاپووک عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری شارەوانیی شەش لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "هەڵمەتێکی چاودێری و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرە نایاساییەکان دەستی پێ کردووە و بەشێوەی هەفتانە بەردەوام دەبێت و چڕتریش دەکرێتەوە، هەڵمەتەکەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چوار مەفرەزەی پۆلیسی شارەوانی ئەنجام دراوە."
بەڕێوەبەری شارەوانیی شەش ئاماژەی بەوە کرد، لە میانی هەڵمەتەکەدا لە هەردوو کەندی 'توڕەق' و 'سوێری' دەست بەسەر ژمارەیەک پەمپ و تۆڕمبای ڕاکێشانی ئاوی قورسدا گیراوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ئاودانی سەوزە و گەنمەشامی بەکارهێنرابوون. گوتیشی: "بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئاوە پیسانە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروست دەکات، بۆیە سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای یاسایی دەکرێنەوە."
هەروەها چاپووک عەبدولعەزیز ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرا کرد: "ئەو جووتیارانەی ئەم سەرپێچییە ئەنجام دەدەن پێشتر قەرەبووی زەوییەکانیان وەرگرتووە، کەچی بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر زەوییەکانی شارەوانی دووبارە ئەم کارە دەکەنەوە. بڕیارمان داوە چاودێرییەکان توندتر بکەین و هەر سەرپێچیکارێکیش دەستگیر بکرێت ڕەوانەی دادگا دەکرێت."

