بەهۆی هەورەبرووسکەوە ژنێک لە چۆمان گەیەنرایە نەخۆشخانە

بەهۆی کەوتنەوەی هەورەبرووسکە لە ماڵێکی گوندی "دێڵزیان" لە سنووری باڵەکایەتی، ژنێک لە هۆش خۆی دەچێت و دەگەیەنرێتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە.

ئەمڕۆ هەینی 2ـی تشرینی دووەمی 2026، د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "هەورەبرووسکە لە ماڵێکی گوندی دێڵزیانی سنووری قەزای چۆمان داوە، بەهۆیەوە ژنێکی تەمەن 55 ساڵان کە لەو کاتەدا سەرقاڵی قاپشۆردن بووە، بە بێهۆشی گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتنی چۆمان."

بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان گوتیشی "دەستبەجێ چارەسەری پزیشکیی پێویست بۆ ژنەکە کرا، هیچ ئاسەوارێکی برینداربوون یان سووتان بە جەستەیەوە نییە، پێدەچێت لە ترسی دەنگی بەهێزی هەورەبرووسکەکە بێهۆش بووبێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی تەندروستیی ژنەکە جێگیرە و بەرەو باشتربوون دەچێت.