پۆلیسی راپەڕین: ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی رانیە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە

ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی رانیە کەوتەوە و لە ئەنجامدا زەرەر و زیان بە دووکانی کاسبکارانی بازاڕەکە گەیشت. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئاشکرای کرد، "ئاگرەکە ئێستا کۆنترۆڵ کراوە و داواکاریین لە هاووڵاتییان بازاڕەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی بتوانین کارەکانمان بکەین".

شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی رانیە کەوتەوە، خاوەن دوکانەکانی بازاڕەکە بە خێرایی گەیشتنە بازاڕەکە بۆ دەرهێنانی کەلوپەلی دوکانەکانیان، وەک لە دیمەکانی کوردستان24 دەردەکەوێت، هەرچەندە ئاگرەکە ئێستا کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام هێشتا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەیە، چونکە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی هاتوونەتە شوێنەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی نەیانتوانیوە بە تەواوی کارەکانی خۆیان بکەن.

جەبار خدر، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە پێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە، هەروەها ئاگرەکە ئێستا کۆنترۆڵ کراوە، زیانی ماددی هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نییە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لە هاووڵاتییان بە تایبەت خاوەن دوکانەکان، بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لە لایەکی دیکەوە حوسێن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتی: "سوپاس بۆ خوا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بازاڕەکە جێبهێڵن بۆ ئەوەی تیمەکانمان بتوانن کارەکانیان بکەن و هێشتا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە."

لای خۆیەوە عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، وەک دەبینن چەند دوکانێک سووتاون، تیمەکانی ئێمە ناتوانن ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بێننە شوێنی رووداوەکە، چونکە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی لێیە بەهۆی ئەو قەرباڵخییەوە ناتوانین بە پێی پێویست کاری خۆمان بکەین.

سەرچاوەیەکیش بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەهۆی ئاگرەکەی ئەمشەوی بازاڕی لەنگەی رانیە، 13 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون.