قایمقامی خورماتوو: نابێت ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکان هەڵبکرێت

قایمقامی خورماتوو راگەیاند، سەرجەم قوتابخانەکان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدان و تەنیا رێگەپێدراوە ئاڵای عێراق هەڵبکرێت و هیچ ئاڵایەکی دیکە بۆی نییە بەرز بکرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەی شارۆچکەک لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدان و تەنیا رێگەپێدراوە ئاڵای عێراق هەڵبکرێت.

قایمقامی خورماتوو روونیکردەوە، رێنمایی پێگەیشتووە کە پێویستە تەنیا ئاڵای عێراق لە دامەزراوەکاندا هەبێت. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان سەرجەمیان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدا کار دەکەن.

زولفەقار حەیدەر گوتی: "ئێمە نزیکەی 50 ئاڵامان هەیە، بۆیە نابێت جگە لە ئاڵای عێراق ئاڵایەکی دیکە هەڵبکرێت و پێویستە کورد و عەرەب و تورکمان هەموومان لەژێر ئەو ئاڵایەدا کۆببینەوە."

ئەمڕۆ بەیانی، پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکان دەستیپێکرد و قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لەو ناوچانە بە فەرمی دەستیان بە دەوام کردەوە. لە کاتێکدا لە کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵکرا، بەڵام لە خورماتوو رێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کرا.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رەزامەندییان بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێ نەدراوە. هاوکات تاران، ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند، دۆخەکە بە دڵی کورد نییە و رێگەیان نەدراوە ئاڵای کوردستان هەڵکەن.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 پرسی هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستانی رووبەڕووی قایمقامی خورماتوو کردەوە. لە وەڵامدا زولفەقار حەیدەر رایگەیاند، زانیاریی لەبارەی ئەوەی ئایا ئاڵای کوردستان لە دەستووردا دانی پێدانراوە یان نا نییە، دووبارە جەختیکردەوە کە پێویستە تەنیا ئاڵای عێراق لە خورماتوو هەڵبکرێت. دواجار پەیامنێری کوردستان24 پێی راگەیاند، لە ساڵی 2005دا هەرێمی کوردستان لە دەستووردا دانی پێدانراوە و لە چوارچێوەیەدا خاوەن ئاڵا و سەروەری تایبەت خۆیەتی. ئەو دەستوورەی کە 85%ـی هەرێمی کوردستان دەنگی پێدا.