قایمقامی خورماتوو: نابێت ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکان هەڵبکرێت

قایمقامی خورماتوو راگەیاند، سەرجەم قوتابخانەکان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدان و تەنیا رێگەپێدراوە ئاڵای عێراق هەڵبکرێت و هیچ ئاڵایەکی دیکە بۆی نییە بەرز بکرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بۆ کوردستان24ـی روونیکردەوە، رێنمایی پێگەیشتووە و پێویستە تەنیا ئاڵای عێراق لە دامەزراوەکاندا هەبێت. جەختیشی کردەوە، پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان سەرجەمیان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدا کار دەکەن.

قایمقامی خورماتوو گوتی: "ئێمە نزیکەی 50 ئاڵامان هەیە، بۆیە نابێت جگە لە ئاڵای عێراق ئاڵایەکی دیکە هەڵبکرێت و پێویستە کورد و عەرەب و تورکمان هەموومان لەژێر ئەو ئاڵایەدا کۆببینەوە."